پێده‌چێت سه‌ره‌تاييترين پێناسه‌ى ئايدۆلۆژيا، وته ناسراوه‌كه‌ى ماركس بێت له كتێبى سه‌رمايه‌دا: «نازانن چيه، به‌س هه‌ر ده‌شيكه‌ن»[1].
چه‌مكى ئايدۆلۆژيا، جۆرێك له ساويلكه‌يى بنه‌ڕه‌تى و جه‌وهه‌ريى[2] له خۆي‌دا هه‌ڵگرتووه. به‌و مانايه‌ى كه ئايدۆلۆژيا ده‌رهه‌ق به پێشگريمانه [وجودييه‌كان] و هه‌لومه‌رجى فيعليى خۆى، تووشى هه‌ڵه‌ناسينه‌وه[3] ده‌بێت، و مه‌ودايه‌ك ده‌خاته نێوان واقيعى كۆمه‌ڵايه‌تى و، ئه‌و نواندنه‌وه شێواوه‌ى خۆمانه‌وه [كه بۆ واقيع هه‌مانه: واته "هۆشياريى هه‌ڵه"مان]. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌شه كه ده‌توانين ئه‌م "هۆشيارييه ساويلكانه"يه بخه‌ينه به‌رده‌م ئه‌و خوێندنه‌وه ڕه‌خنه‌ييه‌وه كه پێى ده‌وترێت "ڕه‌خنه‌كردنى ئايدۆلۆژيا". ئامانجى ئه‌م جۆره خوێندنه‌وانه، گه‌ياندنى هۆشياريى ئايدۆلۆژيى ساويلكانه‌يه بۆ خاڵێك كه بتوانيت هه‌لومه‌رجى فيعليى خۆى و واقيعه كۆمه‌ڵايه‌تييه شێواوه‌كه بناسێته‌وه، و هه‌ر له‌م ڕێگه‌يه‌شه‌وه خۆى تێپه‌ڕێنێت. له نوسخه ئاڵۆزه‌كانى تر‌ى ئه‌م "ڕه‌خنه‌ى ئايدۆلۆژيا"يه، بۆنمونه نوسخه‌كه په‌ره‌پێدراوه‌كه‌ى قوتابخانه‌ى فرانكفۆرت‌دا، كێشه‌كه ته‌نيا ئه‌وه نيه كه شته‌كان (واته واقيعى كۆمه‌ڵايه‌تى) «به‌و جۆره‌ى كه هه‌ن» ببينرێن و چاويلكه‌ى شێوێنه‌رى ئايدۆلۆژيا فڕێبدرێت: كێشه سه‌ره‌كييه‌كه ئه‌وه‌يه كه واقيع ناتوانێت به‌بێ ئه‌م شته خۆى به‌رهه‌م‌بێنێته‌وه كه پێى‌ده‌وترێت كوێركردن و سه‌رلێشێواندنى ئايدۆلۆژى. ده‌مامكى ئايدۆلۆژى، ته‌نيا دۆخى ڕاسته‌قينه‌ى شته‌كان ناشارێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌م شێواندنه له جه‌وهه‌رى شته‌كاندا هه‌ڵكۆڵراوه و نوسراوه‌ته‌وه.
به‌م جۆره، به‌ر ئه‌و بوونه پارادۆكسيكاڵ و ناكۆكه [ـى واقيع] ده‌كه‌وين كه، ته‌نيا له‌و كاته‌دا ده‌توانێت خۆى به‌رهه‌م‌بێنێته‌وه كه به‌هه‌ڵه بناسرێته‌وه و نه‌بينرێت: هه‌ركه «به‌و جۆره‌ى كه هه‌يه» بيبينين، ئيدى ئه‌م بوونه ده‌بێته نه‌بوون؛ يان ده‌قيقتر بيڵێين: ده‌بێته واقيعێكى تر. ئا لێره‌وه‌يه ده‌بێت ئه‌و ميتافۆرانه بخه‌ينه‌لاوه كه باسى لابردنى ده‌مامك و هه‌ڵدانه‌وه‌ى ئه‌و په‌ردانه ده‌كه‌ن كه گوايا واقيعه ڕووته‌كه داده‌پۆشن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌يه لاكان له سيميناره‌كه‌يدا ئه‌خلاقى ده‌روونشيكارى، له‌و ژێسته ڕزگاركه‌ره خۆى دووربخاته‌وه كه سه‌ره‌نجام بڵێت: «پاشا ڕووته!»[4]. [واته واقيع خۆى هه‌ر ڕووته، به‌ڵام ناتوانين و نامانه‌وێت به‌ڕووتى بيبينين، و ده‌مامكێكى فه‌نتازى و ئايدۆلۆژيى بۆ زياد ده‌كه‌ين]. خاڵه سه‌ره‌كييه‌كه، وه‌ك ژاك لاكانيش ئاماژه‌ى بۆ ده‌كات، ئه‌وه‌يه كه پاشا ته‌نيا له‌ژێر جله‌كانيه‌وه ڕووته. به‌كورتييه‌كه‌ى، ئه‌گه‌ر ده‌روونشيكارى بيه‌وێت ژێستى "داماڵينى ده‌مامك" بنوێنێت، ئه‌وا ئيشه‌كه‌ى له‌م نوكته به‌ناوبانگه‌ى ئالفۆنس ئالێ ـه‌وه نزيكتره: كابرايه‌ك په‌نجه بۆ ژنێك ڕاده‌كێشێت و به‌ترس‌وتۆقانه‌وه هاوارده‌كات: «سه‌يريكه‌ن سه‌ير، چ حه‌ياچوونێكه، ئه‌و ژنه له‌ژێر جله‌كانيه‌وه ڕووت‌وقووته»[5].
ئه‌مانه هه‌مووى باس‌وخواسى ناسراون: ئه‌مه هه‌ر ئه‌و چه‌مك و تێگه‌يشتنه‌يه كه ئايدۆلۆژيا به "هۆشياريى هه‌ڵه يان درۆيينه" و هه‌ڵه‌ناسينه‌وه‌ى واقيعى كۆمه‌ڵايه‌تى ده‌زانێت، هه‌ڵه‌ناسينه‌وه‌يه‌ك كه خۆيشى به‌شێكه له‌م واقيعه. پرسياره‌كه‌مان ئه‌وه‌يه: ئايا چه‌مكى ئايدۆلۆژيا وه‌ك هۆشيارييه‌كى ساويلكانه، هێشتا بۆ ئه‌مڕۆش هه‌ر ڕاسته ده‌رده‌چێت؟ له كتێبى (ڕه‌خنه له عه‌قڵى سه‌گباوه‌ڕى)[6]دا-كه له ئه‌ڵمانيا يه‌كێك بووه له كتێبه پڕفرۆشه‌كان-، سڵۆته‌ردايك ئه‌م تێزه ده‌ورووژێنێت كه سيماى زاڵى ئايدۆلۆژيا له سه‌رده‌مى ئێمه‌دا ڕۆڵ و كاركردێكى سه‌گباوه‌ڕانه(سينيك)ى هه‌يه؛ هه‌ر ئه‌مه‌شه كه ڕۆڵ و كاركرده كلاسيكييه‌كه‌ى "ڕه‌خنه‌ى ئايدۆلۆژيا" ده‌كاته شتێكى مه‌حاڵ، يان ده‌قيقتر بڵێم، شتێكى به‌تاڵ و بێهووده. كه‌سى سه‌گباوه‌ڕ يان سوبێكتى سه‌گباوه‌ڕ، به‌ته‌واوى ئاگاى له‌و مه‌ودايه‌يه كه كه‌وتۆته نێوان ده‌مامكى ئايدۆلۆژى و واقيعى كۆمه‌ڵايه‌تييه‌وه، به‌ڵام هه‌ر سووره له‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ى ده‌مامكه‌كه. ئه‌و هاوكێشه‌يه‌ى كه سڵۆته‌ردايك ده‌يخاته‌ڕوو ئه‌مه‌يه: «ئه‌وان باش ده‌زانن چى ده‌كه‌ن، به‌س هه‌ر ده‌شيكه‌ن». عه‌قڵى سه‌گباوه‌ڕانه، چيتر ساويلكانه نيه به‌ڵكو تێهه‌ڵكێشێكى پارادۆكسيكاڵه له «هۆشياريى هه‌ڵه» و «ڕۆشنبينى و چاوكراوه‌يى»: كه‌سى سه‌گباوه‌ڕ، به‌باشى ئاگاى له درۆيينه‌بوونى فڵانه ئايدۆلۆژيايه، به‌باشى ئاگاى له‌وه‌يه كه كام به‌رژه‌وه‌ندييه تايبه‌ت و جوزئييانه له‌پشت گشتێتى و كۆيه‌تييه‌كى ئايدۆلۆژييه‌وه خۆى شاردۆته‌وه، به‌ڵام هه‌ر ده‌سبه‌رداريشى نابێت.
به‌دڵنياييه‌وه ده‌بێت ئه‌م پێگه سه‌گباوه‌ڕه(سينيزم)، له‌و شته جيابكه‌ينه‌وه كه سڵۆته‌ردايك خۆى پێى‌ده‌ڵێت كينيزم [كه زياتر له سه‌گباوه‌ڕييه كۆنه يۆنانييه‌كه‌وه نزيكه]. كينيزم نوێنه‌رى ڕه‌تكردنه‌وه‌ى عه‌وامانه و پۆپۆليستانه‌ى كه‌لتورى ڕه‌سمييه به‌هۆى ته‌وس و گاڵته‌جاڕييه‌وه. شێوازه كۆنه‌كه‌ى كينيزم ئه‌وه‌يه كه له ساته‌وه‌ختى جدى و به‌ويقارياندا، ڕووبه‌ڕووى [گوتار و] ده‌ربڕينه كاريگه‌ره‌كانى ئايدۆلۆژياى ڕه‌سميى حاكم و پاتاڵيى ژيانى ڕۆژانه ببێته‌وه (و گاڵته‌ى پێبكات)؛ و به‌م جۆره له‌پشت شكۆى باڵاى [گوتار و] ده‌ربڕينه ئايدۆلۆژييه‌كانه‌وه به‌رژه‌وه‌نديى خۆپه‌رستانه و توندوتيژى و ده‌سه‌ڵاتپه‌رستييه دڕندانه‌كايان هه‌ڵده‌داته‌وه و ئاشكراده‌كات. بۆيه، ئه‌م شێوازه زياتر ديوێكى پراگماتى و كرداريى هه‌يه نه‌ك ئه‌رگۆمێنتكارى: گوتار و ده‌ربڕينى ڕه‌سمى له‌ئه‌نجامى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌يدا له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجى به‌گوتاربوون و [ڕاگه‌ياندنيدا]، ئاوه‌ژووده‌بێته‌وه. شێوه‌ى به‌ركه‌وتنى ئه‌م شێوازه، به‌ركه‌وتنێكى ئيحساسييه(بۆنمونه كاتێك سياسييه‌ك داواى قوربانيدان ده‌كات له‌پێناوى نيشتماندا، ئه‌وا ئيدى كينيزم هه‌وڵده‌دات قازانجى شه‌خسيى ئه‌و له قوربانيدانى ئه‌وانيتردا ئاشكرابكات).
سه‌گباوه‌ڕى، وه‌ڵامى كه‌لتورى حاكم و باڵاده‌سته ده‌رهه‌ق به‌م ئاوه‌ژووكارييه كينيستييه: سه‌گباوه‌ڕى، به‌رژه‌وه‌ندييه جوزئى و تايبه‌ته‌كانى پشت كۆيه‌تى و گشتێتيى ئايدۆلۆژى، له‌گه‌ڵ مه‌وداى نێوان ده‌مامكى ئايدۆلۆژى و واقيعدا ده‌ناسێته‌وه و حيسابى بۆ ده‌كات؛ به‌ڵام ديسان كۆمه‌ڵێك هۆكار ده‌دۆزێته‌وه بۆ پاراستنى ئه‌م ده‌مامكه. ئه‌م سه‌گباوه‌ڕييه هه‌ڵوێستێكى ته‌واو دژه‌ئه‌خلاقى نيه، به‌ڵكو زياتر وه‌ك جۆرێك له ئه‌خلاق ده‌مێنێته‌وه كه چۆته خزمه‌تى دژه‌ئه‌خلاقه‌وه- حيكمه‌تى سه‌گباوه‌ڕى هه‌وڵده‌دات ئه‌وه پيشانبدات كه سه‌رڕاستى و شه‌رافه‌ت فۆرمى باڵاى بێ‌شه‌ره‌فييه، ئه‌خلاقيات فۆرمى باڵاى سه‌رچه‌وتى و ناپاكييه، حه‌قيقه‌تيش "كاريگه‌رترين" جۆرى درۆيه. كه‌واته ئه‌م سه‌گباوه‌ڕييه، جۆرێكى فاسدى «نه‌فيى نه‌فى»ى ئايدۆلۆژياى ڕه‌سمييه [واته گه‌ر سينيزم ڕه‌خنه‌ى ڕاسته‌وخۆ ده‌كات، ئه‌وا سه‌گباوه‌ڕى و كينيزم ڕه‌خنه‌ى ڕه‌خنه‌كه‌ى ئه‌و ده‌كات]: په‌رچه‌كردارى كه‌سى سه‌گباوه‌ڕ، له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندبوونى ناشه‌رعى و دزييدا، ده‌ربڕينى ئه‌و خاڵه‌يه كه ده‌وڵه‌مه‌ندبوونى ياسايى چه‌ندقات كاريگه‌رتره، و له‌لايه‌ن ياساوه پاڵپشتيى كراوه. [به‌ڵام] به‌پێى وته‌كه‌ى برێخت له ئۆپێراى Threepennyدا: «بڕينى بانكێك چ فه‌رقێكى هه‌يه له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنى بانكێكدا؟».
كه‌واته ئاشكرايه ڕه‌خنه‌كردنه ته‌قليدييه‌كه‌ى ئايدۆلۆژيا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م عه‌قڵه سه‌گباوه‌ڕه‌دا، چيتر ئيشى خۆى ناكات. چيتر ناتوانين ده‌قه ئايدۆلۆژييه‌كان به‌هۆى "خوێندنه‌وه‌ى نيشانه‌ى نه‌خۆشييه‌كانيه‌وه"[7]، ڕووبه‌ڕووى خاڵه بۆش و به‌تاڵه‌كانى بكه‌ينه‌وه، و ئه‌و ڕه‌گه‌زه ده‌ربخه‌ين كه ئه‌م ده‌قانه بۆ ڕێكخستن و پاراستنى يه‌كانگيريى خۆيان پێويستده‌كات سه‌ركوتيبكه‌ن و بيچه‌پێنن- عه‌قڵى سه‌گباوه‌ڕ، پێشوه‌خت حيسابى بۆ ئه‌م پێشدانه‌وه‌يه كردووه. ئايا كه‌واته هيچ چاره‌يه‌كمان نيه جگه له قبوڵكردنى ئه‌و مه‌سه‌له‌يه‌ى كه ئێمه هاوكات له‌گه‌ڵ سوڵته‌ى سه‌گباوه‌ڕييدا، له دنيايه‌كدا ده‌ژيين كه پێى‌ده‌وترێت «پۆست‌ئايدۆلۆژيا»؟
ته‌نانه‌ت ئه‌دۆرنۆش گه‌يشته ئه‌م ئه‌نجامه و پێشگريمانه‌ى بنه‌ڕه‌تيى ئه‌دۆرنۆ ئه‌وه بوو كه ئايدۆلۆژيا، به ماناى پڕپێستى وشه‌كه، به‌ته‌واوى سيسته‌مێكه ئيديعاى حه‌قيقه‌ت ده‌كات– واته ئايدۆلۆژيا درۆى ڕووت نيه، به‌ڵكو درۆيه‌كه له فۆرمى حه‌قيقه‌تدا ئه‌زموونده‌كرێت، درۆيه‌كه وا خۆى ده‌رده‌خات جدى‌وه‌رده‌گيرێت. به‌ڵام ئايدۆلۆژياى شمولى و تۆتاليتار، چيتر ئه‌م ئيديعا و نمايش و واپيشاندانه‌ى نيه. چيتر ته‌نانه‌ت دانه‌رى ئه‌م ئايدۆلۆژيايانه‌ش نايانه‌وێت كه‌س به‌جدى وه‌ريانبگرێت- ئايدۆلۆژياى تۆتاليتار، به‌ته‌واوى ئامرازێكى ده‌ره‌كييه له‌پێناوى ئامانجى قازانجخوازانه و ئامرازى‌دا، فه‌رمانڕه‌وايى ئه‌م ئايدۆلۆژيايه، له حه‌قانيه‌ت و حه‌قيقه‌ته‌كه‌يه‌وه سه‌رچاوه‌ناگرێت؛ به‌ڵكو له قازانجخوازى و توندوتيژييه نائايدۆلۆژييه‌كه‌يه‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرێت.
له‌م خاڵه‌ى باسه‌كه‌دا پێويسته جياكاريى نێوان نيشانه‌ى نه‌خۆشى(symptom) و فه‌نتازيا (fantasy) بخه‌ينه‌ڕوو، تاكو پيشانيبده‌ين ئه‌و ئايديايه چه‌نده ناچيز و هه‌ڵه‌شانه‌يه كه گوايا خۆمان له كۆمه‌ڵگايه‌كى پۆست‌ئايدۆلۆژى‌دا ده‌ژيين: عه‌قڵى سه‌گباوه‌ڕ، سه‌ره‌ڕاى خۆدوورگرتنه گاڵته‌جاڕى و ئايرۆنييه‌كه‌ى خۆى، هێشتاش هه‌ر ئاسته بنه‌ڕه‌تييه‌كه‌ى فه‌نتازياى ئايدۆلۆژى، به ده‌ستلێنه‌دراوى ده‌هێڵێته‌وه(فه‌نتازياى ئايدۆلۆژى، واته ئه‌و ئاسته‌ى ئايدۆلۆژيا كه واقيعى كۆمه‌ڵايه‌تى پێكدێنێت).
سلاڤۆى ژيژه‌ك*
[1]. sie wissen das nicht, aber sie tun es.
[2]. Constitutive: پێكهێنه‌ر
[3]. Misrecognition
[4]. the emperor has no clothes، ئاماژه‌يه بۆ چيرۆكى ئه‌و پاشا(يان ئيمپراتۆر)ـه‌ى كه به‌ڕووتى ده‌سوڕێته‌وه و پێى‌وايه جلێكى ناديار و نه‌بينراوى پۆشيوه و هيچكه‌س ناوێرێت ڕاستيى شته‌كه بڵێت، تا ئه‌و كاته‌ى مناڵێك به‌ساده‌يى و به‌بێ خۆتێكدان ده‌ڵێت: پاشا ڕووته، پاشا ڕووته...(واته ڕووتى، خۆى ده‌مامكى خۆيه‌تى. يان جل هيچ شتێك ناشارێته‌وه و ئه‌وه خۆمانين وا خۆده‌رده‌خه‌ين شاردوويه‌تيه‌وه: دياله‌كتيكى فۆرم يان ده‌مامك -و).
[5] . Jacques Lacan, Le slmillaire flIl L'ethique de fa p!ycllanafyse, Paris: Seuil, 1986, p. 23 1.
[6]. "Critique of cynical Reason"
[7]. symptomatic reading.