ئالان باديۆى فه‌يله‌سوف، له ته‌مه‌نى 79 ساڵيدا، له‌باره‌ى گه‌نجێتى و گه‌نجه‌كانه‌وه ده‌نوسێت: ئه‌و گه‌نجانه‌ى كه ليبراڵيزم به‌بێ ڕووگه و قيبله‌نما وێڵيكردوون، ئه‌و گه‌نجانه‌ى كه داعش له خشته‌ى بردوون، و گه‌نجێتيى خۆيشى كه كۆمۆنيزم مۆرى خۆى لێداوه و هێشتاش هه‌ر به‌وه‌فايه بۆى. له وتارێكى كورتدا، كه باديۆ پاش ڕووداوه‌كانى 13ى 11ى ساڵى ڕابردوو و كوشتاره‌كه‌ى پاريس بڵاويكرده‌وه به ناونيشانى "شه‌ڕ و خراپه له جێيه‌كى دوورتره‌وه دێت"، يه‌كسه‌ر نوسيى: كێشه و بيمارييه‌كانى ئه‌مڕۆمان له شكستى مێژوويى كۆمۆنيزمه‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرێت. ئه‌م فه‌يله‌سوفه سياسييه مولته‌زيمه، كه هه‌ندێك‌كه‌س ئافه‌رينى بۆ ده‌كه‌ن و هه‌ندێكى تريش گاڵته‌ى پێده‌كه‌ن، به هه‌ر نرخێك بێت هه‌ر وه‌فاداره بۆ ئايديا ماوييه‌كان(ماويستييه‌كان). باديۆ، نوسه‌رى كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌مى فره‌لايه‌نه كه به چه‌ندين زمانى جياجيا له سه‌رتاپاى جيهاندا بڵاوبۆته‌وه. له به‌رهه‌مه ميتافيزيكييه [فه‌لسه‌فييه‌كانى] وه‌ك بوون و ڕووداو(Being and Event) و لۆژيكى جيهانه‌كان(Logics of Worlds) كه به‌م زووانه به‌رگى سێيه‌مى به ناونيشانى ناونشينيى حه‌قيقه‌ته‌كان بڵاوده‌بێته‌وه، تا ده‌گاته زنجيره‌يه‌ك به‌شدارى و خۆتێوه‌ردانى سياسى له قاڵبى شانۆنامه‌دا، زنجيره‌يه‌ك سيمينار ده‌رباره‌ى بيرياره گه‌وره‌كان و هه‌ندێ كتێب كه بازنه‌ى خوێنه‌رانيان خه‌ڵكێكى گشتييتره وه‌ك له ستايشى عه‌شقدا ( In Praise of Love)، هه‌روه‌ها وه‌رگێڕانى كتێبى "كۆمار"ى ئه‌فلاتونيش. هاوينى ئه‌مساڵيش سێ وتارى بڵاوكرده‌وه كه گفتوگۆكه‌ى ئێستا تايبه‌ته به يه‌كێكيان: «ژيانى ڕاسته‌قينه: بانگهێشت و بانگه‌واز بۆ فاسدكردنى گه‌نجه‌كان».
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
چى واى لێ كرديت له كتێبه تازه‌كه‌تاندا (ژيانى ڕاسته‌قينه- La Vraie Vie)، ڕووى ده‌مت بكه‌يته گه‌نجه‌كان؟
باديۆ: كۆمه‌ڵێك فاكته‌رى جياجيا پێكه‌وه ئاڵابوون. سه‌ره‌تا، هه‌ندێك فاكته‌رى شه‌خسى له‌نزيكه‌وه منى ده‌رگيرى ئه‌و سه‌رلێتێكچوونانه كرد كه ئه‌مڕۆ گه‌نجه‌كان ده‌سته‌ويه‌خه‌ى بوونه‌ته‌وه. له هه‌شتاكان به‌م لاوه، گه‌نجه‌كان به‌ره‌به‌ره ونبوونى ئاسۆى ئيمكانه‌كانيان به چاوى خۆيان بينيوه. خودى خۆم كۆمه‌ڵێك گرفت و چه‌رمه‌سه‌ريى مناڵه‌كانم و هاوڕێكانيانم بينيوه كه له تێپه‌ڕينيان به جيهاندا هه‌يانبووه، وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌يه، و دۆزينه‌وه‌ى پێگه‌ى خۆيشيان له‌ناويدا. مه‌يلى ڕوو له هه‌ڵكشانى گه‌نجه‌كان ده‌بينم كه به چاوى نزم و كه‌م سه‌يرى خۆيان ده‌كه‌ن. جيا له‌مه‌ش، هه‌ميشه ده‌وروبه‌رم پڕ بووه له خوێندكار، به‌هۆى چالاكيى سياسييشه‌وه له نشينگه‌ى كۆچبه‌ره‌كان و كارگه‌كاندا چه‌ندين جار په‌يوه‌ندى و كۆنتاكتم هه‌بووه له‌گه‌ڵ گه‌نجه ماڵبه‌كۆڵه‌كانى چينى كرێكاردا و، له‌م پێگه عه‌جيب و هه‌مه‌ڕه‌نگانه‌وه ئه‌زموونگه‌لێكى ده‌وڵه‌مه‌ندم كۆكردۆته‌وه. دواى ئه‌وه‌ش، يه‌كێك له سه‌رچاوه سه‌ره‌كييه‌كانى من، دايالۆگه‌كانى ئه‌فلاتوونه كه له گفتوگۆى نێوان سوقرات و گه‌نجه‌كان پێكهاتووه. له‌و نه‌ريته‌دا كه خۆمم تيا بينيوه‌ته‌وه، گه‌نج پرسى فه‌لسه‌فه‌يه و، غايه‌ت و ئامانجيشێتى. فه‌يله‌سوف هه‌وڵده‌دات شتێك بگه‌يه‌نێت (و بگوازێته‌وه) كه له داهاتووشدا هه‌ر به‌نرخ بێت و، لێره‌شه‌وه به‌رده‌نگ و به‌رامبه‌ره‌كه‌ى بريتين له گه‌نجان...كارى فه‌لسه‌فى[1] واته لێكۆڵينه‌وه له‌باره‌ى پرسى حه‌قيقه‌ته‌وه له چوارچێوه‌ى كۆمه‌ڵێك مه‌رجدا كه په‌يوه‌ستن به يه‌ك زه‌مه‌نه‌وه. به‌ڵام گه‌نجه‌كان پێ ده‌خه‌نه دونيايه‌كه‌وه كه له دۆخى صه‌يرووره(گۆڕان و بوونبه...)[2]دايه. هێشتا هه‌ر به‌دواى پێگه و پنتى جێگيربوونى خۆيان‌دا ده‌گه‌ڕێن. ئيتر ڕه‌وت و پرۆسه‌ى گه‌نجێتى وايه. پرسى گه‌نجه‌كان ڕێك پرسى فه‌يله‌سوفه، گه‌رچى خۆيشيان دركى پێ نه‌كه‌ن!
تۆش وه‌كو ئه‌فلاتوون بانگه‌واز بۆ فاسدكردنى گه‌نجه‌كان ده‌كه‌يت. به‌ڵام ئه‌وه چۆنه كه داواى يارمه‌تيدانى گه‌نجه‌كان بۆ دۆزينه‌وه‌ى ڕێگه‌ى خۆيان، بۆ دۆزينه‌وه‌ى حه‌قيقه‌ت، شێوازێكه له فه‌ساد يان فاسدكردن؟
باديۆ: چونكه داوه‌ره‌كان، سوقراتيان به تۆمه‌تى فاسدكردنى گه‌نجه‌كان ڕووبه‌ڕووى مه‌رگ كرده‌وه و مه‌حكوميانكرد؟ لۆمه و مه‌حكوميانكرد چونكه گومانى خستبووه سه‌ر هه‌ندێك له لايه‌نه‌كانى نه‌ريت، به‌ئاشكرا بێڕێزيى به خواكانى شار كردبوو، نه‌يهێشتبوو گه‌نجه‌كان واجبه خێزانى و مه‌ده‌نييه‌كان[3] به‌جێبێنن. ئه‌گه‌ر فه‌لسه‌فه «خه‌ڵك فاسدده‌كات» ئه‌وا له‌به‌ر ئه‌وه‌يه كه ڕۆڵ و فرمانه‌كه‌ى زياتر ڕه‌خنه‌ييه نه‌ك موحافيزه‌كار. گه‌رچى له‌م ڕووه‌وه، دۆخى ئێستا له دۆخى سه‌رده‌مى ئه‌فلاتوون ئاڵۆزتره. ئه‌مڕۆ نيشانه و عه‌لامه‌ته سه‌ره‌كييه‌كانى نه‌ريت تێك‌شكاون، به‌بێ ئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگا عه‌لامه‌تى نوێ له جێيان بخاته‌ڕوو. به‌ڵێ، چێژوخۆشيى نوێ هاتوونه‌ته ئاراوه، به‌ڵام به‌هاى نوێ نا.
هه‌موو شتێك له ئه‌فسوونى كاڵادا تواوه‌ته‌وه، له ئه‌فسوونى شته‌دا كه ماركس پێى‌ده‌وت "ئاوه به‌ستووه‌كانى حيساباتى خۆپه‌رستانه[4]". گه‌نجه‌كان له‌نێوان دوو شت‌دا له هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زدان، له‌لايه‌كه‌وه، ئه‌گه‌ر و ئيمكانى شه‌رمه‌زاركه‌رى گه‌ڕانه‌وه بۆ نه‌ريت-كه زيندووكردنه‌وه‌ى ته‌رمێك و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى خێوه‌كانه بۆ ناو ژيان-، له‌لايه‌كى تريشه‌وه، ئيمكانى داگيركردنى جێگه‌يه‌ك له بونيادى گشتيى كێبڕكێ و ململانێى [سيسته‌م]دا بۆ مانه‌وه تيايدا، ئه‌ويش ته‌نيا به‌و مه‌رجه‌ى دۆڕاو نه‌بن تيايدا. ئه‌و شته‌ى كه من، به چاولێكه‌رى له ڕامبۆ، پێى‌ده‌ڵێم "ژيانى ڕاسته‌قينه" جۆرێكه له ڕێگاى سێيه‌م: نه گه‌ڕانه‌وه بۆ نه‌ريته به‌سه‌رچووه‌كان و نه خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ڕێساكانى سه‌رمايه‌داريى به‌جيهانيبووشدا كه وێڕاىى ڕواڵه‌ته شارستانييه‌كه‌ى كه‌چى له واقيعدا دڕنده و نائينسانييه. ڕامبۆ ئه‌و كاته‌ى گه‌نج بوو، به‌فيعلى ئاگاى له سه‌رلێتێكچوون و ونكردنى ڕێگاكه‌ى بوو. به‌ڕوونى ده‌يبينى كه مه‌سيحه كۆنه‌كه، زه‌ويى جێهێشتووه. بۆيه ده‌ستى به گه‌ڕان به دونيادا كرد و ده‌ستى بۆ هه‌موو شتێك برد، يه‌كێك له‌وانه‌ش شيعرنوسين، يه‌كێك له «گه‌مژه‌يى!»ـه‌كانى. به‌ر له‌وه‌شى بگاته ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كه دونياى مۆدێرن ته‌نيا پاره و سه‌ركه‌وتن[5]ـه و هيچى تر، ژيانى خۆى وێران‌كرد. پاش ئه‌وه‌ش، بووه بازرگان و ئاڵووێركه‌رێك له موسته‌عمه‌ره‌كاندا...
ئه‌م ژيانه ڕاسته‌قينه‌يه چيه؟
باديۆ: ژيانێك كه نه خۆى بداته ده‌ستى گوێڕايه‌ڵييه‌وه و نه تێركردنى غه‌ريزه و بزوێنه‌ره سه‌ره‌تاييه‌كانيش. ژيانێك كه سوبێكت خۆى وه‌كو سوبێكتێك تيا درووستده‌كات. لاى من چوار پانتايىdomain) ) هه‌يه كه حه‌قيقه‌ت خۆى تيا مانيفێست و ئاشكراده‌كات؛ هه‌ر ئه‌وه‌ى كه ناومناوه چوار پانتاييه‌كه‌ى درووستبوونى حه‌قيقه‌ت: هونه‌ر، عه‌شق، سياسه‌ت، زانست. داخوازيى من له گه‌نجه‌كان ئه‌وه‌يه كه گه‌شتێك به‌م چوار مه‌رجه‌دا بكه‌ن: به‌ره‌وڕووى هونه‌ر ببنه‌وه له هه‌موو فۆرمه‌كانيدا، به‌وه‌فاوه بچنه ناو عه‌شقه‌وه و بۆ ماوه‌يه‌كى درێژيش تيايدا بمێننه‌وه، به‌شدارى له ئه‌كتى سياسيى درووستكردنه‌وه‌ى دونيايه‌كى عاديلانه‌دا بكه‌ن، دونيايه‌ك جيا له‌و دونيايه‌ى ئێستا كه هه‌يه؛ هه‌روه‌ها تا ئه‌م ئاسته له زانست بێ‌ئاگا نه‌بن، و نه‌يخه‌نه چنگى ته‌كنۆلۆژيا يان سه‌رمايه‌وه.
له ده‌قه‌كه‌تدا، فه‌سڵێكت ته‌رخانكردووه بۆ هه‌ريه‌كه له ژنان و پياوانى گه‌نج: ئايا جياوازيى نێوان ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه، له‌مڕۆشدا هه‌ر گرنگه بۆ بيركردنه‌وه له گه‌نجى؟
باديۆ: به‌ڵێ. لاوازبوونى نه‌ريته‌كان ئه‌و كاريگه‌رييه‌ى له‌سه‌ر پياوانى گه‌نج نه‌بووه، وه‌ك له‌سه‌ر ژنانى گه‌نج هه‌يبووه. ده‌رگاى زياتر به ڕووى ژنانى گه‌نجدا كراوه‌ته‌وه، كه‌م‌كه‌م له‌ژێر سه‌ركوتى پياوان و خۆبه‌ستنه‌وه به زه‌واجه‌وه ڕزگاريانبووه كه ڕێوڕه‌سمى زاڵى دونيا كۆنه‌كه بوو. ئه‌م گۆڕانكارييانه، هه‌ندێك ڕوانگه‌ى پيشه‌گه‌ريى و ئيمكاناتى بۆ فه‌راهه‌مكردوون كه پێشتر بوونى نه‌بووه. دواجار ژنانى گه‌نج له دونياى هاوچه‌رخدا هه‌ست به ئاسانكارييه‌كى زياتر ده‌كه‌ن به‌نيسبه‌ت پياوانى گه‌نجه‌وه، بۆنمونه، له خوێندندا [ڕۆڵ و كاركردێكى] باشتريان هه‌يه. من له دانيشتنى دادگايى هه‌ندێك پياوى گه‌نجدا به‌شدارييم كردووه كه به‌ته‌واوى ڕێى خۆيانيان ونكردبوو: ده‌ڵاڵه بچووكه‌كان، مافيا ناوخۆييه‌كان(كه پرۆژه‌كانى ئاوه‌دانكردنه‌وه ده‌گرنه‌ده‌ست و ...). ئه‌م پياوه گه‌نجانه خوشكيان هه‌بوو كه پارێزه‌ر(محامى) بوو...بۆ پياوانى گه‌نج، لابردنى خزمه‌تى سه‌ربازى، هێماى لابردنى هه‌ر جۆره ڕێوڕه‌سمێكى نه‌ريتى بوو. به‌درێژايى هه‌زاران ساڵ، پرسى گه‌نجێتى و گه‌يشتن به ته‌مه‌نى گه‌وره‌بوون، له‌ژێر كاريگه‌ريى كۆمه‌ڵێك ئسلوبى پێشوه‌خت ڕێكخراودا بوو كه به‌رده‌ركه په‌يوه‌نديداره‌كان حوكميان له‌سه‌ر ده‌دا. ئه‌مڕۆ، ڕۆژى ده‌ستنيشانكردنى قۆناغه جياوازه‌كانى ته‌مه‌ن قورس بووه، ئا لێره‌وه‌يه كه شتێكمان هه‌يه به ناوى كه‌ڵت و مه‌زهه‌بى گه‌نجانه‌وه(the cult of youth). ئێستا نۆرمه زاڵه‌كه ئه‌وه‌يه كه پێت ده‌ڵێت: تا ده‌توانيت گه‌نج به، ته‌نانه‌ت گه‌ر ده‌سه‌ڵات له ده‌ستى پيره‌كانيشدا بمێنێته‌وه و ترس له فه‌رمانڕه‌وايى گه‌نجه‌كان و تاقمى گه‌نجه‌كانيش له‌گۆڕێدا بێت، هه‌موو ئه‌مانه جۆرێك له سه‌رلێشێوانى ده‌سته‌جه‌معيى درووستكردووه.
له هه‌ندێك خۆتێوه‌ردانى سياسيى ئه‌م دواييه‌تاندا، فۆرمێكى تر‌ى گه‌نجێتى خۆى ده‌رخستووه: ئه‌وگه‌نجانه‌ى كه ده‌چنه ناو داعشه‌وه. ئه‌وانه‌ت وه‌ك "فاشيسته گه‌نجه‌كان" ناوبردووه.
باديۆ: ماوه‌يه‌كه وشه‌ى "په‌ڕگير و ڕاديكاڵ" وه‌ك مۆده‌ى لێهاتووه، بۆيه من وشه‌ى "فاشيست"م پێ باشتره. "فاشيزم" وه‌ك ناوێك بۆ سوبێكتيڤيته(بكه‌ر)ێكى ده‌سته‌جه‌معى به‌كارده‌هێنم كه زاده‌ى سه‌رمايه‌دارييه و ئاوێته‌ى جۆرێك له گوتارى ناسيۆناليستيى ناسنامه‌خواز[6] بووه. فاشيزم سوبێكتيڤيته‌يه‌كى كۆنه‌په‌رسته: له‌ڕاستيدا ئه‌م گه‌نجانه زۆرجار نائومێدييه‌كى وايان ئه‌زموونكردووه كه مه‌گه‌ر قاچاخچييه‌كى بچووك بيت تووشى نه‌بيت، هه‌روه‌ها بێزاربوون و هه‌ڵهاتن له‌وه‌ى كه نه‌يانتوانيوه له گۆڕه‌پانى سه‌رمايه‌دارييدا ببنه قاره‌مانێكى گه‌وره. ئه‌وانه سووڕانه‌وه‌ى بێ‌به‌رهه‌م و هه‌لپه‌رستانه له‌ناو چێژه كاتى و دونياييه‌كاندا ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه و، هاوكات ياساى توندوتيژ و بێڕه‌حمى كێبڕكێ و سه‌ركه‌وتنيش [له‌ناو سه‌رمايه‌دارييدا] هه‌ر ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه. ئه‌وانه شوناس و ناسنامه‌ى خۆيان له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و دوو بژارده‌يه‌وه درووستده‌كه‌ن كه زۆرجار گه‌نجه‌كان هه‌ڵيده‌بژێرن: يان فه‌وتاندن و به‌كۆتاگه‌ياندنى ژيان و ته‌مه‌نى خۆيان له سه‌رپێچى و شته ڕاسته‌وخۆ [و به‌رده‌سته‌كاندا]، ياخود دۆزينه‌وه‌ى جێگه‌و ڕێگه‌ى خۆت له كۆمه‌ڵدا، بوون به خاوه‌نى بانك يان بوون به به‌ڕێوه‌به‌رى ستارت‌ئاپ كه ناوه‌كه‌ى ده‌چێته ليستى بازاڕى بۆرسه‌وه. نيهيليزمه‌كه‌ى ئه‌وان، تێهه‌ڵكێشێكه له قاره‌مانێتيى خۆفيداكارانه و تاوانبارانه هاوشانى ڕق و دوژمنايه‌تييه‌كى گشتى له دونياى غه‌رب. ئه‌م ڕقه فاشيستييه له‌سه‌ر شێوازێك له دواكه‌وتنى نه‌ريتى و ناسنامه‌خوازانه وه‌ستاوه، ئه‌ويش له‌سه‌ر پاشماوه‌كانى نه‌ريتێك كه تاڕاده‌يه‌ك له‌لايه‌ن ئيسلامه‌وه خراوه‌ته به‌رده‌ستيان. ئه‌وه ئيسلام نيه كه ئه‌وانه به‌ره‌و فاشيزم پاڵ پێوه‌ده‌نێت، به‌ڵكو ئه‌وه فاشيستبوونه كه ئه‌وان به‌ره‌و ئيسلام ڕاده‌كێشێت. دين لێره‌دا ته‌نيا فۆرماڵيزمه و ڕۆڵێكى ڕواڵه‌تيى هه‌يه، كه‌وڵێكى گشتييه كه ئيمكانى تێربوونى سوبێكتيڤيته‌يه‌كى نا‌ئومێد ده‌سته‌به‌رده‌كات، سوبێكتيڤيته‌يه‌ك كه پێى‌وايه ده‌توانێت له‌ڕێگه‌ى كرده‌ى خۆكوژى و كوشتنى ئه‌وانيتره‌وه خۆى ڕزگاربكات.
ئه‌ى خۆتان چ جۆره گه‌نجێك بوون؟ چ شتێك خۆتانى ده‌جووڵاند؟
باديۆ: من له‌دايكبووى ساڵى 1937م. گه‌نجێتيى من له سه‌رده‌مێكى ته‌واو جياوازدا ڕابوورد: سه‌رده‌مى دواى جه‌نگ و بنياتنانه‌وه‌ى فه‌ڕه‌نسا، سه‌رده‌مێك كه هه‌م ديناميكى و جووڵاو بوو، هه‌م بونيادمه‌ند [و جێ‌گير]يش. جياوازييه چينايه‌تييه‌كان له‌و ساڵانه‌دا شتێكى به‌رچاو و هه‌ستپێكراو بوو. گه‌نجانى ناو چينى كرێكار يان له ژينگه‌يه‌كى جووتيارييه‌وه هاتبوون، ياخود له 12 ساڵييدا خوێندنيان ته‌واوده‌كرد و له هه‌ر عومرێكدا %10 ديپلۆمى وه‌رده‌گرت. حيزبى كۆمۆنيست ئه‌وكات زۆر به‌هێز بوو و، به‌هۆى هاوكاريكردنيه‌وه له‌لايه‌ن سۆڤيه‌تى هه‌يمه‌نه‌داره‌وه خه‌رمانه‌يه‌ك له هێز به‌ده‌وريدا درووستكرابوو. دوو ئاراسته‌ى جودا خه‌ريكبوو درووستده‌بوو: بنياتنانه‌وه‌ى سه‌رمايه‌دارانه‌ى وڵات، و ئاراسته‌گيريى پرۆليتارى كه له حيزبى كۆمۆنيستدا به‌رجه‌سته‌ده‌بوو: شۆڕش يان سازان؟ يان هه‌ردووكيان؟
تۆ به هه‌ردوولاكه‌وه په‌يوه‌ست بوويت؟
باديۆ: به‌ڵێ. من له‌ناو كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكه‌وه نه‌هاتبووم، من له خێزانێكى خۆشگوزه‌رانى چينى ناوه‌ڕاستدا له‌دايكببووم. دايك و باوكم هه‌ردووكيان چووبوونه ئيكۆڵ‌نۆرماڵ[شوێنى خوێندنى نوخبه] و باوكم سه‌رۆك شاره‌وانيى سۆسياليستى تۆڵۆز بوو. من به‌رجه‌سته‌بووى جۆرێك له ڕۆشنبيرى سه‌رچه‌شنم(له ئيكۆڵ‌نۆرماڵ خوێندنم و دواتر له تاقيكردنه‌وه‌ى به‌مامۆستابووندا به‌شدارييم كرد)، و هاوكات له‌ڕووى فيكرييه‌وه شوێنكه‌وته‌ى خه‌تى شۆڕش بووم. دواجار، ڕه‌نگه بڵێن پێگه‌يه‌كى سازشگه‌رانه‌ت هه‌بووه چونكه له نيعمه‌ت و خاڵه باشه‌كانى هه‌ردوولا سودمه‌ند بوويت و له‌و نه‌ريته‌دا هه‌نگاوت هه‌ڵێناوه كه خوێنه‌رانى[7] فه‌يله‌سوفانى سه‌ده‌ى هه‌ژده هه‌نگاويان بۆ هه‌ڵێناوه. ئه‌وه جه‌نگه ئيستيعمارييه‌كان بوو كه ئه‌م گه‌مه دووسه‌ره‌يان تێكدا. په‌روه‌رده‌ى سياسيى ڕاسته‌قينه‌ى من له ماوه‌ى جه‌نگى جه‌زائيردا بوو. له‌وێدا بوو كه ناچاربووم بڕياره يه‌كلاكه‌ره‌وه‌كه‌ى خۆم بده‌م. گه‌رچى هه‌ر ئه‌و كاته مرۆڤيان له بنكه‌كانى پۆليسى پاريس ئه‌شكه‌نجه‌ده‌دا...له‌م ساته‌دا ده‌بوو به ئيلتيزامه‌وه دژى ئه‌و شته بوه‌ستيته‌وه كه ڕوويده‌دا، ده‌بوو زنجيره‌كانى سازشكاريى خۆت بپسێنيت و ژيانت له‌گه‌ڵ فيكرتدا هه‌ماهه‌نگ بكه‌يته‌وه. يه‌كه‌مين خۆپيشاندان كه ڕێكمانخست، به‌وپه‌ڕى زه‌بروزه‌نگه‌وه سه‌ركوتكرا- له هه‌موو لايه‌ك ئه‌و پۆسته‌رانه ده‌بينرا كه «ڕۆشنبيره ڕه‌شبين و كۆڵده‌ره‌كان»ى مه‌حكومده‌كرد. منيش يه‌كێك بووم له‌وانه‌ى كه له حيزبى سۆسياليست جيا ببومه‌وه، كه بوو به هۆى پێكهێنانى حيزبى سۆسياليستى يه‌كگرتوو(PSU). پاش ده‌سپێكردنى ئايارى 68، سه‌يرده‌كه‌م بوومه‌ته خه‌باتگێڕێك كه له شوێنى نيشته‌جێبوونى كرێكاران، له پرۆژه ئاوه‌دانكارييه‌كاندا، له كارگه‌كاندا ئاماده‌ييه‌كى چالاكم هه‌بوو. هه‌موو ئه‌م كارانه‌م له‌ژێر ڕه‌مز و نيشانه‌ى "ماويزم"دا ده‌كرد كه يه‌كێك بوو له هێزه سه‌ره‌كييه گرنگه‌كانى ئه‌وده‌م-به‌ته‌نيشت نيشانه‌ى ترۆتسكيزمه‌وه-.
باشه، باسى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ت كرد. به‌ڵام هێشتا تۆ هه‌ر كه‌سێكى "ماوى"يت، پلارهاوێژ و ڕه‌خنه‌گره‌كانيشت ئه‌مه ده‌كه‌نه بيانوويه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى په‌لامارت بده‌ن.
باديۆ: بێگومان [كۆمۆنيستێكى ماوييم]. من ده‌ستم له گريمانه‌ى كۆمۆنيستى گيربووه و لێى ناگه‌ڕێم. نامه‌وێت له جيهانێكدا بژيم كه تاكه گريمانه‌ى بريتييه له ڕێكخستنى ئابورى و ئه‌و هه‌يمه‌نه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌ى ئێستا. نامه‌وێت ئه‌و شته تۆقێنه‌ره ناقۆڵايه قبوڵبكه‌م، ئه‌و نايه‌كسانييه، ئه‌و فاكت و ڕاستييه‌ى كه 10%ى دانيشتووانى زه‌وى، خاوه‌نى 86%ى سه‌رچاوه به‌رده‌سته‌كانن، واته 86%ى سه‌رمايه. به‌بڕواى من ئايدياى كۆمۆنيزم زۆر له‌وه گه‌نجتره كه به‌سه‌رچووبێت يان بيانه‌وێت فڕێى‌بده‌ن. ئايدياكه تازه له سه‌ره‌تاى گه‌شته مێژووه‌كه‌يدايه. ته‌مه‌نيشى له چه‌ند ده‌يه‌يه‌ك تێناپه‌ڕێت. له‌كاتێكدا سه‌رمايه‌دارى كه شه‌ش يان حه‌وت سه‌ده پێشتر له‌دايكبووه، هێشتاش هه‌ر دۆخه كۆنه‌كان به‌رهه‌مدێنێته‌وه، ناعه‌داله‌تى و نايه‌كسانييه‌كانى ڕژێمه كۆنه‌كه. له‌ڕاستيدا، 10% ناوبراوه‌كه كه‌متازۆر هه‌ر خه‌ڵكه نه‌جيبزاده‌كه‌ى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ن...پێويسته ئه‌وه‌ش ڕوونبكه‌مه‌وه كه به‌باشى ئاگام له كه‌موكورتى و تاوانه‌كانى كۆمه‌ڵگا كۆمۆنيستييه‌كانيشه. من له گه‌نجێتييدا "ماوى" بووم، چونكه له ماويزمدا هه‌ندێك ڕه‌گه‌زى ڕه‌خنه‌ييم ده‌ستنيشانكرد بۆ تێپه‌ڕين له ستالينيزم و گۆڕينى. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى كه به شۆڕشى ئۆكتۆبه‌رى 1917 له ڕوسيا ده‌ستيپێكرد، مۆركى هه‌ندێ هه‌ڵه و به‌لاڕێداچوونى وه‌رگرت، له‌وه‌ش گرنگتر به‌هۆى نه‌بوونى متمانه‌ى كۆمۆنيزمه‌وه به ده‌وڵه‌تێكى مه‌ركه‌زى و ناوه‌ندگه‌را، سه‌ره‌نجام هه‌وڵى هێزه شۆڕشگێڕه‌كان سه‌ريكێشا بۆ بنياتنانى ده‌وڵه‌تێكى مه‌ركه‌زيتر و بۆرۆكراسيتر له هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كانى به‌ر له خۆيان، ده‌وڵه‌تێك كه [دڵپاكانه و ڕاستگۆيانه] خۆى دايه ده‌ستى ئه‌و وه‌سوه‌سه‌يه‌وه هه‌موو كێشه‌كان به يارمه‌تيى توندوتيژى چاره‌بكات. گريمانه‌ى كۆمۆنيستى، هه‌ر له سه‌ره‌تاى سه‌ركه‌وتنه‌وه و له 60 ساڵى دژوارى دواتردا كه‌وت و چه‌قى. باشه، به‌ڵام ئاخۆ ده‌بێت بمانگه‌يه‌نێته ئه‌و جێيه‌ى كه گريمانه‌كه وێڵبكه‌ين و لێى‌گه‌ڕێين؟ من وا بيرناكه‌مه‌وه. نابێت شكستى هه‌لومه‌رجێكى تايبه‌ت، وه‌ك شكستێكى ئايدۆلۆژيى ته‌واوه‌تى وه‌ربگرين.
تێگه‌يشتن و هه‌ڵێنجانتان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ساڵى داهاتوو و گه‌ڕانه‌وه‌ى نيكۆلا ساركۆزى چيه؟ تۆ كتێبه‌كه پڕتوڕه‌ييه‌كه‌ى ساڵى 2007ت ته‌رخانكرد بۆ ئه‌و و ناوتنا "ماناى ساركۆزى".
باديۆ: من له حوزه‌يرانى 1968ـه‌وه ده‌نگمنه‌داوه، به‌م ته‌مه‌نه‌شه‌وه تازه بڕواناكه‌م بير‌ى لێ بكه‌مه‌وه، شتێكى بێ‌مانا و نابه‌جێيه. ڕه‌ئدان و ڕاوێژى هه‌ڵبژاردن، ڕه‌ئدان و ڕاوێژه له هه‌ناوى نه‌زمه باوه‌كه‌دا. نێوانگريى جياوازييه بچووكه‌كان له‌ناو يه‌ك شێوازى به‌ڕێوه‌بردنى كاروباره‌كاندا. چه‌پيش ڕێك دواى ئه‌و سياسه‌ته كه‌وتووه، كه ڕاست پياده‌يده‌كات. كاتێك هه‌ڵبژاردنێكى ڕاسته‌قينه له‌نێوان دوو ڕێگاى جياوازدا بوونى نيه، ئيتر ناتوانين قسه له ديموكراسى بكه‌ين. ناوى ساركۆزيت هێنا. ناچارين له‌باره‌ى يه‌كێك له‌و كه‌سانه‌وه قسه‌بكه‌ين كه حه‌ساسيه‌تم پێيان هه‌يه! ده‌بێت هۆيه‌كه‌ى ئه‌وه بێت كه هێشتاش شتێك له هه‌ستى نيشتمانپه‌روه‌رى له مندا ماوه‌ته‌وه، هه‌ستێك كه له باوكمه‌وه بۆم به‌جێماوه كه خۆيشى يه‌كێك بوو له ئه‌ندامانى بزووتنه‌وه‌ى به‌ره‌نگارى، به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ ناتوانم به‌رگه‌ى ئه‌وه بگرم وه‌ك مرۆڤێكى بێزراو له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، ڕاستييه‌كه‌ى ئه‌وه‌يه كه سياسه‌تى ئۆلاند جياوازييه‌كى ئه‌وتۆى له‌گه‌ڵ سياسه‌تى ساركۆزييدا نه‌بووه. ته‌نانه‌ت ئۆلاند هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى سه‌ركه‌وتنه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانى پێشووى خێراكردۆته‌وه. هه‌ندێك تيۆريستى وه‌ك ئه‌مانوێل ماكرۆن(وه‌زيرى دارايى)ى له‌بنده‌ستدايه كه ئه‌م كارانه به‌ناوى مۆدێرنيته‌وه پاساوده‌دات. به‌بۆچوونى ئه‌و، مۆدێرينته واته گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ده‌ى نۆزده‌يه‌م، گه‌ڕانه‌وه بۆ ليبراڵيزم، واته بۆ ئايدۆلۆژيا سرووشتييه‌كه‌ى سه‌رمايه‌دارى، كه هيچ سۆزێكى بۆ ڕێسا و ته‌عليماته كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانى وه‌ك مافى كار و خانه‌نشينييه‌كان نيه. ئه‌مڕۆ ئه‌م ئايدۆلۆژيايه [ـى سه‌رمايه‌داريى ليبراڵ] ئازاديى ته‌واوى جووڵه و به‌ملاولادا ڕۆيشتنى هه‌يه، چونكه هيچ دوژمنێكى به‌هێز له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ى خۆى به‌ديناكات. پێشنيارى من ئه‌وه‌يه كه په‌نا بۆ گريمانه‌ى تاكه دوژمنه ڕاسته‌قينه‌كه‌ى ببه‌ين: واته كۆمۆنيزم. به‌هۆى ئه‌م ئومێده‌وه‌يه كه ده‌توانين درێژه به كارى فه‌لسه‌فى بده‌ين، چونكه هه‌موومان ده‌زانين ئه‌فلاتوون كێ بوو، ئه‌و پياوه‌ى كه 2000 ساڵ به‌ر له ئێستا ده‌ژيا: به‌ڵام گومانى تيا نيه كه كه‌س بير‌ى نامێنێت ساركۆزى كێ بوو.
[1] . philosophise
[2] . becoming
[3] . civic
[4]. icy waters of egotistical calculation
[5] . success
[6]. identitarian
[7] . audience
سه‌رچاوه‌كان:
http://www.magiran.com/npview.asp?ID=3428464
http://www.versobooks.com/blogs/2826-corrupting-the-youth-a-conversation-with-alain-badiou